ئاژانسی کوردپا: کارگرووپی لێکۆڵینەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست، یان نەخوازراو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بێسەروشوێنبوونی چوار زیندانی سیاسی کوردی، لەژێر ناوی "بێسەروشوێنکردنی بەئەنقەست و ئامانجدار" بە فەرمی ناساند.

کارگرووپی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یان نەخوازراوی "شیرین عەلەم هوولی"، "عەلی حەیدەریان"، "فەرهاد وەکیڵی" و "فەرزاد کەمانگەر"، وەکوو بێسەرشوێنکراوانی بە ئەنقەست و ئامانجدار ناساند و لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی حکوومەتی، خوازیاری ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئەوان و شوێنی بە خاکسپاردنیانی کردووە.

ڕێکخراوی "دادپەروەری بۆ ئێران" لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "بەفەرمی ناساندنی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە وەکوو بێسەروشوێنکرانی بە ئەنقەست و ئامانجدار، یاسای نێونەتەوەیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و بە مافی بنەماڵەکانی ئەو چوار زیندانییە کوردە، دەزانێ کە ڕاستییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی بەخاکسپاردنی ئەوان بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیێنێت.

لە ڕوانگەی مافی نێونەتەوەییەوە، بێسەروشوێنکرانی بەئەنقەست، پێشێلکردنی بەردەوامی مافی مرۆڤە و بە تاوانێکی نێونەتەوەیی بە ئەژمار دێت و هەتا کاتێک کەسی بێسەروشوێن نەدۆزرایەوە، یان چارەنووسی بە تەواوەتی ڕوون نەبووەتەوە، سەرەڕای تێپەرێنی چەندین ساڵ، تێپەڕینی کات کرایگەریی لە سەر دۆسییەکەی نابێت.