ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٢٠ هێکتار لە لێڕەوارەکانی شاری سەردەشت بوو بە خۆڵەمێش و ئاگر خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، لێڕەواری گوندەکانی "مەلا ڕەش و شینوێ"، سەر بە شاری سەردەشت، ئاگریان تێبەردرا و زیاتر لە ٢٠ هێکتار لەو لێڕەوارانە بوو بە خۆڵەمێش.

بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەردەشت، هەرچەند باسی لە هۆکاری ئاگرتێبەردانی لێڕەوارەکانی گوندەکانی "مەلا شێخ و شینوێ" نەکرد، بەڵام هۆکاری پەرەسەندنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی بۆ هەڵکردنی "با"ی گەڕاندەوە.

"سەید کامیل حوسێنی"، هەروەها باسی لە خراپیی ڕێگاوبان و هەڵدێربوونی ئەو دارستانانە کرد کە بووە بەهۆی زیاتر ئاگرگرتن و سووتاندنی دارستانەکان.

ناوبراو ڕایگەیاند: "بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرکەوتنەوە لەو دارستانە، ناتوانین ڕێژەی خەساری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دیاری بکەین".

لەو پەیوندییەدا، مامۆستایان و پێشنوێژانی شارەکانی "ڕەبەت و سەردەشت" داوایان لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە کردووە کە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەدا یارمەتیدەر بن.