ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، کە خاوەنی دوو میداڵی جیهانی و دوو میداڵی ئاسیاییە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی موسافێرکێشی دەکات.

وەرزنەبەدارێکی کورد بە ناوی "سەمەد عەباسی" خەڵکی شاری کرماشان کە وەرزشکارێکی کەمئەندامە، ڕایگەیاندووە: "من خاوەنی دوو میداڵی زێڕی جیهان و دوو میداڵی زێوی ئاسیاییم، بە هۆی نەبڕینەوە و دیارینەکردنی مووچەی مانگانە لە لایەن فێدارسیۆنەوە، بە ناچاری بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانم، موسافێرکێشی دەکەم."

ئەو وەرزشوانە کوردە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا"ی کرماشان ڕاگەیاندووە: "سەرەڕای بەدەستهێنانی چوار میداڵی جیهانی و ئاسیایی لە لایەن فێدارسیۆنەوە، مووچەم بۆ نەبڕاوەتەوە و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە، ئەو وەرزشوانانەی کە کەمئەندامیش نین، لەلایەن فێدراسیۆنەوە، مووچەی مانگانەیان هەیە."

"سەمەد عەباسی" هەروەها وتوویەتی: "فێدارسیۆن تەنیا پارەی ئەو کەمئەندامانە دەدات کە میداڵی پارائۆلەمپیکیان بە دەست هێناوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: "بە هۆی کەمئەندام بوونم تاکسیشیان پێی نەدام و بەناچاری بە ماشینی پرایدی خۆمان موسافێرکێشی دەکەم کە بەو بۆنەشەوە چەند جارێک لە لایەن پۆلیسەوە سزا دراوم."