ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری بێجنوردی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باکوور، بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە بانگهێشت کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، هونەرمەندێکی کورد بە ناوی "مێهدی پاک مێهر"، بانگهێشتی لقی ٧ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بێجنورد، بۆ داکۆکیی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی کرا.
لقی ٧ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بێجنورد، ئەم هونەرمەندە کوردەی بە تۆمەتی "خوێندنی سروودی حیماسیی کوردی لە پشتیوانی لە کوردستان و پێشمەرگە"، بانگهێشت کردووە.
ئەم هونەرمەندە کوردە، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "خوێندنی سروودی حیماسیی کوردیی لە پشتیوانی لە کوردستان و پێشمەرگە"، دەسبەسەر و بۆ ماوەی سێ حەوتوو لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بێجنورد دەسبەسەر بووە و هەروەها لەو ماوەیەدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
"مێهدی پاکمێهر"، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بێجنورد ئازاد کرابوو.






