ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووریی "میمک" لە پارێزگای ئیلام، فەرمانبەرێک بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی "کوژراو و بێسەروشوێنەکان" لە ئێران، بە ناوی "یەعقووب حاجی پوور"، بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە لە بەرزاییەکانی "کەلە قەندی" لە نزیک پایگای "دراجی" لە ناوچەی سنووریی پارێزگای ئیلام ڕووی داوە و ئەو فەرمانبەرە تەمەنی ٤٩ ساڵە.

بە وتەی "حوسێن ئەحمەد نیاز"، ١٦ ملیۆن مینی پووچەڵنەکراو لە ئێراندا بوونی هەیە و زۆربەی مینە چێندراو و هەڵنەگیراوەکان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستاندایە، کە ئەمەش پانتایی جوغرافیایەکی زۆری لە خۆ گرتووە.

بە وتەی ئەو پارێزەرە کوردە، زۆربەی مینە چێندراوەکان، لە شوێنە نیزامییەکان چێندراون و هەتا ئێستا کۆ نەکراونەتەوە.