ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەمید کەڕەونانی"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی "کەڕەونانـ"ـی شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.
پێشتر، ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەبارەت بە بارودۆخی کوردەکان، ڕەخنەی لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران گرتبوو.
پاش دەسبەسەرکردنی "حەمید کەڕەونانی"، هێزە ئیتلاعاتییەکان، مۆبایل و هەندێک لە کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.





