ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی هۆلەند لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و کوردستاندا قەدەغە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی هۆلەند، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە لە هاتوچۆکردنی سنوورەکانی سیستان و بلوچستان و کوردستان خۆیان ببوێرن.
وەزارەتی دەرەوەی هۆلەند، هۆکاری قەدەغەکردنی چوونی هاووڵاتییانی بۆ سنوورەکانی ئەو دوو پارێزگایەی بۆ "گرژی و ئاڵۆزییە سیاسی و نیزامییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا"، گەڕاندەوە.
لەم پەیوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی دانمارک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، داوای لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە کردووە کە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ ئێراندا، لە چوون بۆ کوردستان، خووزستان و بەلووچستان، دوورپەرێزی بکەن.
هەروەها، لەم بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی دانمارکدا ئاماژە بە دۆخی هەستیار و ئەو هەڕەشانەی کە بە هۆی شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و هێزەکانی سەر بە حیزبی نەتەوەکانی ئێران دێنە گۆڕێ، کراوە.





