ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی یەکێک لە ئەندامانی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، خۆیان دەبوێرن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە دانی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی "زارا محەمەدی"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، خۆیان دەبوێرن.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: "سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی محەمەدی، ئەنجومەنی نۆژین و چالاکانی مەدەنی، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەکی ورد، سەبارەت بە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی زارا محەمەدی، خۆیان دەبوێرن."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی "نۆژین" ڕایگەیاند: "پارێزەری دۆسیەی زارا محەمەدی، بە شێوەی یاسایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبراو و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی دەکات."

سەرەڕای هەوڵی بنەماڵە و پارێزەری "زارا محەمەدی" بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی و هەروەها هەوڵی چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی کوردستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە وەرێخستنی کەمپینێک بۆ ئازادیی زارا محەمەدی، هەتاکوو ئێستا، چارەنووسی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی "نۆژین، ناڕوونە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و "زارا محەمەدی"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.