ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گەندەڵی و نەبوونی پارە لە شارەداریی شاری بۆکان، کرێکارانی ئەو ناوەندە خزمەتگوزارییە، ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کرێکارانی ئاو و ئاوەڕۆی شارەداریی شاری بۆکان، ماوەی سێ مانگە پارەیان لە لایەن شارەدارییەوە، وەرنەگرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەرپرسی شارەداریی شاری بۆکان بە کرێکارانیان ڕاگەیاندووە کە ئێمە پارەمان نییە و ناتوانین پارەی ئەم سێ مانگەی ئێوە دابین بکەین.

ئەم سەرچاوەیە لە زمانی یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی بۆکان ڕایگەیاند: "سەرەڕای نەدانی پارەی سێ مانگەی خۆمان، تەنانەت جێژنانەی نەورۆزیشیان پێ نەداوین."

ئەو سەرچاوەیە لە زاری ئەو کرێکارەوە وتی: "پارەی ئیزافەکاریی ئیداراتی بۆکان، بەتایبەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، لە ماوەی ئەم سێ مانگەشدا نەدراوە."

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "زۆربەی کرێکارانی ئاو و ئاوەڕۆی شاری بۆکان، کرێکارانی وەرزین و بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن."

لەو پەیوەندییەدا، کرێکارانی شیرکەتی فرووزەنده که له گوندی "کولیچـ"ی ناوچەی بەربنەی پیرانشاردا کار دەکەن، پاش نەدانی ۵ مانگ له پارەی مانگانەیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.