ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "داوود ئەحمەدی، سەلاح ساعدی و حەیدەر ساعدی"، خەڵکی گوندی "گاوەرە" سەر بە دێهستانی "سەراو قامیشـ"ی سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەوانیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "لە چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە دوای دەسبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە."

هەروەها لە درێژەدا وتی: "حەیدەر ساعدی، دەرچووی بواری مافی زانکۆی پەیامنووری سنەیە."

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی پینجشەممە، ٢ی جۆزەردان، سێ چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مینبەری، زارا محەمەدی و ڕێبوار مینبەری"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کە ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژینـ"ن، بێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەسبەسەر کراون.