ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری هەرسین، بە هۆی خراپیی ڕەوشی ئابووری لەو شارەدا بەتایبەتی و لە شاری کرماشاندا بەگشتی، لە کاتی دزیکردندا، تووشی کارەباگرتوویی بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد لە کاتی دزیکردن و قرتاندنی سیمی کارەبا لە شاری هەرسیندا، تووشی کارەباگرتوویی بوو و گیانی لەدەست دا.
فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری هەرسین ڕایگەیاند: "تیمی گەشتی پایگای "چێشمە کەبوود"ی شاری هەرسین، لە کاتی گەشتلێداندا، لە دەکەڵی کارەبا، لە تەنیشت جادە و لە بەرزایی ٣ میتریدا، تەرمی کەسێکیان دۆزییەوە، کە لە کاتی دزیکردندا تووشی کارەباگرتوویی بووە."
ئەو بەرپرسە نیزامییە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: "لە کاتی پشکنینی ئەو کەسەدا، مەقەستێکی تایبەتی قرتاندنی سیمی کارەبای پێ بووە کە لە کاتی قرتاندنی سیمی کارەبا، تووشی کارەباگرتوویی بووە و گیانی لەدەست دابوو."
سەرەڕای ناشیرینی و قیزەونیی دیاردەی "دزیکردن"، بەڵام بە هۆی بێکاری و هەژاری کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووریی هەڵەی دەوڵەتە، کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی وەکوو دزیکردن و تاوانە قورسەکان و گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و...، لە کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی پەرەیان سەندووە.





