ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە شاری شنۆ، دەستیان بە سەر ٥٠ سەر ئەسپی کاسبکارانی ئەو شارەدا، گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ، ٥٠ سەر ئەسپی کاسبکاران لە گوندی "میرئاوێ"ی شاری شنۆ لە لەیەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستی بە سەردا گیرا.

هەروەها هێزە نیزامییەکان دەستیان بە سەر شتومەک و کەلوپەلی کاسبکاراندا گرت.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بە سەر ١٢ سەر ئەسپی کاسبکارێکی کورد بە ناوی "حەسەن ئالانی"، لە گوندی "هێیە"ی شاری شنۆدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ میلیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێت تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.