ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ لە سنەدا، لە ژێر گوشاری ئیتلاعات و سپای پاسداران، هەڵوەشایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٣ی بانەمەڕ، ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆ، کە بڕیار بوو لە "کوچکە سوور"ی گوندی "ئەوێهەنگ" بەڕێوە بچێت، لە لایەن ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە، هەڵوەشایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات و سپای پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر ئەم ڕێوڕەسمە و ڕێگایان لە بەڕێوەچوونی گرتووە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە ناوەکانی "تارق ڕەحیمپوور"، "قانع ڕەزایی"، "موختار کەریمئەفشار"، "غەفوور یاری" و "ئەدیب خودایار"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشتر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم ڕێوڕەسمەدا هۆشداریی بە چالاکانی مەدەنی دابوو.
هەروەها لە درێژەدا وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفونییەوە، هەڕەشەیان لە گۆرانیبێژەکان کردووە کە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری نەکەن.
هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی بەهارانەی ژاوەرۆی سنە، ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەی لێ کەوتووەتەوە.





