ئاژانسی کوردپا: کتێبی "فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان"، لە لایەن دوکتور عەبدوڵڵا ئەمینی، مامۆستای زانکۆ و نووسەری مەریوانی، وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی و ئامادەی چاپە.

عەبدوڵڵا ئەمینی، لەم پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "یەکەمین ئەزموونی وەرگێڕانم لە دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی کوردی، دوای ساڵانێک، ئاخری بە هەوڵ و تێکۆشانی دۆستانی ئازیز لە چاپ و پەخشی "مادیار"، ئامادەی بڵاوکردنەوە بووە."

دوکتور عەبدوڵڵا ئەمینی، مامۆستای زانکۆ و نووسەری مەریوانیعەبدوڵڵا ئەمینی، پێشتر چەند بەرهەمی وەرگێراوەتە سەر زمانی فارسی و بەپێی قسەکانی خۆی، کتێبی "فەلسەفە و ناسۆرییەکانی ژیان"، دەستپێکێکە بۆ بەرهەمەکانی تری بۆ سەر زمانی کوردی و بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی زمانی دایکی، لەم پەیوەندییەدا زیادی کرد: "هەر مرۆڤێک لە پلەی یەکەمدا بە زمانی دایکیی خۆی بیر دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگای زمانی دووهەمەوە بنووسێت. تاک سەرەتا بە زمانی دایکیی خۆی بیر دەکاتەوە و لە هەنگاوی دواییدا ئەو شتەی کە بیری لێ کردووەتەوە، لە چوارچێوەی زمانی دووهەمدا دایدەڕێژێت."

کۆی کتێبەکە کە بەرهەمی "ئارتۆر شووپنهاوەر"ـە، پێکهاتووە لەم وتارانەیە: "کورتەیەک لەسەر فەلسەفە و ژیانی شووپنهاوەر"، "بێهوودەیی بوون"، "سەبارەت بە ئازارەکانی ژیان"، "سەبارەت بە خۆکوژی"، "سەبارەت بە ژنان"، "سەبارەت بە موتاڵا و کتێبەکان" و "هەرمانەوە: وتووێژێک".

بەپێی وتەکانی وەرگێڕ، تایبەتمەندیی ئەم کتێبە و وتارەکانی لەوەدایە، کە هەمووان دەتوانن لێی تێبگەن و چێژی لێ وەربگرن.

جێگای ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا ئەمینی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی گوندی ئاڵمانەی مەریوانە و ساڵی ١٣٩٢ بڕوانامەی دوکتورای فەلسەفەی لە زانکۆی ئیسفەهان وەرگرتووە و خاوەن چەند بەرهەمی گرنگی فەلسەفییە.