٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئێوارەی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ئارام وەفایی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، باوکیشی بە ناوی «عوسمان وەفایی» بەهۆی پۆشینی «جلی کوردیی خاکی» دەسبەسەر کرد. ئەم هێزانە لە ڕێگای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، جلە کوردییەکانیان بەزۆر لەبەر داکەند و نیوەشەو بە جلی ژێرەوە لە ئۆتۆمبێلەکە دایانبەزاند و لەسەر شەقام بەجێیان هێشت. هێزە ئەمنییەکان جلە کوردییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان دوای بینینی جلی کوردیی خاکیی عوسمان وەفایی، ناڕەزایەتییان بەرانبەر دەربڕیوە کە بۆچی جلێکی لەبەر کردووە کە «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بەکاری دەهێنێت. عوسمان وەفایی لە وڵامدا وتوویەتی کە ئەم جلە بەشێکە لە ناسنامە و کولتووری باوباپیرانی و هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبەوە نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە ئەمنییەکان ئەویشیان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی کە هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای گواستنەوەی عوسمان وەفایی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، جلە کوردییەکەیان بەزۆر لەبەر داکەندووە و بە جلی ژێرەوە لەسەر شەقام بەجێیان هێشتووە. ئەوان وێڕای سووکایەتیکردن و جنێودان، هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر جارێکی دیکە «جلی کوردیی خاکی» بپۆشێت، ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردن و زیندان دەبێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کاتژمێر ١٢ی شەو، ئارام وەفایی، لاوی خەڵکی گوندی «عەباساوا»ی سەر بە بۆکان، بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە ماڵی بنەماڵەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە تێپەڕبوونی ٩ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیکردن پێیانەوە بێبەش بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەڵسوکەوتە نامرۆڤانە و توندوتیژە کە بە دەسبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لەم هاووڵاتییە و بە تاوانناساندنی پاراستنی ناسنامە و کولتووری باوباپیرانی ئەنجام دراوە، لە ڕوانگەی مافی نێودەوڵەتییەوە نموونەیەکی زەقی ئەشکەنجە، هەڵسوکەوتی سووکایەتیپێکەرانە و پێشێلکردنی ئاشکرای ماددەی ٥ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ماددەی ٧ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کۆنوانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و هەروەها دەستدرێژیکردنە سەر مافە کولتوورییەکان و مافی سوودمەندبوون لە ناسنامەی نەتەوەیی (کە لە ماددەی ٢٧ی پەیماننامەی مەدەنی و سیاسی و ماددەی ١٥ی پەیماننامەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییدا هاتووە) دادەنرێت.




