ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کرێکارانی بیناسازی شارەکانی مەریوان_سەوڵاوا، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانی کرێکاران، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کرێکارانی بیناسازی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا،بە ناویی "میکائیل سدیقی" لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.
هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو ئەندامەی ئەنجومەنی بیناسازی شاری مەریوان و سەوڵاوایان ڕاگەیاندووە، ئێمە موڵەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران نادەین و لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی لەو چەشنە، لەگەڵ ئێوە بە شێوەی یاسایی هەڵسووکەوت دەکەین.
لەو پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ٤ و ٥ی بانەمەڕ، سێ چالاکی کرێکارانی لە شارەکانی سنە و ورمێ بە ناوەکانی "غالب حوسێنی و موزەفەر ساڵح نیا" لە سنە و "ئەحمەد تەقیزادە" لە شاری ورمێ، بانهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو دوو شارە کران.





