ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد خەڵکی شاری سەوڵاوا، لە زیندانی فشافویە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ چوارەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد خەڵکی شاری سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە، بە ناوی "بەرزان محەممەدی"، لەگەڵ زیندانییەکی سیاسی دیکە، ماوەی ٤ ڕۆژە لە زیندانی فشافۆیە، مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە هۆی خرابی دۆخی ڕاگرتنی لە زیندان و جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکەی مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو، لە کاتی ناڕەزایەتییەکەی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، دەسبەسەر و لە دادگای سەرەتاییدا، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەرزان محەممەدی تەمەن ٤١ ساڵ و عەلیڕەزا شێرمحەممەدی، هەنووکە ماوەی چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و بەرپرسانی زیندانی فشافویە، لە هەمبەڕ مانگرتنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، هیچ دژکردەوەیەکیان نەبووە.