ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەقز بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شاری قەڵادزێ و سەردەشت بریندار بوون.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی بەفرانبار، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری نێوان شاری قەڵادزێ و سەردەشت کەوتنە کەمینی نیزامییە حکوومەتییەکان و به هۆی تەقەی نیزامییە حکوومەتییەکانەوە دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەقز به توندی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی شاری قەڵادزێ ڕاگوێزرانەوە.

"عوسمان محەممەد"، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری کوردپادا وێڕای، جەخت کردنەوە لە سەر ئەم ڕووداوە، شوناسی ئەم دوو کۆڵبەرە کوردەی " ئیبراهیم محەممەد ڕەحیم" تەمەن ٤٠ ساڵ و " عەتا محەممەدزادە" تەمەن ٤٨ ساڵ ڕاگەیاند.

ناوبراو وتی: ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە و ئێستاکه لە نەخۆشخانەدان.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "عەلی مام وەیسی" تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی ئەبووبەکر، خەڵکی "باسک کولسە" و نیشتەجێی سەردەشت به تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لاقی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی سەختی برینەکانیەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ و دۆخی گشتیشی نالەبار ڕاگەیەندراوە.