ئاژانسی کوردپا: ٣ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکدارانە لەگەڵ هەڵۆکانی زاگرۆس، کوژرا و بریندار بوون.

"هەڵۆکانی زاگرۆس" بە بڵاو کردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندووه کە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونی، ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە شوێنێک بە ناوی "خێڵە ڕەش"ـی شاری بانە، یەکێک لە هێزە نیزامییەکان کوژراوه و دوو کەسی دیکە بریندار بوونه.

"هەڵۆکانی زاگرۆس" شوناسی ئەو مەئموورە کوژراوەی هێزە نیزامییەکانیان بە "ئارمان فەخری" ڕاگەیاندووە و دوو کەس لە بریندار بووەکانیش بە ناوەکانی "لوقمان خیاڵی و مەنشلوو" بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی سەلاحدین ئەیووبی بانە ڕاگوێزراون.

لەو پەیوەندییەدا،شەوی پێنجشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ماشینی هەڵگری هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە جاددەی "بەردەبووک-بانە" لە لایەن گرووپێکی چەکدارەوە درایە بەر دەسڕێژی گووللە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، چوار کەسیان کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەڵۆکانی زاگرۆس لەو بەیاننامەیەدا، بەرپرسایەتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ گرتووە.