ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، بە هۆی "خۆدانەپۆشین" بە توندی هێرش دەکەنە سەر کچێک و هەتا ئاستی بێهۆشی، ئازاری و ئەشکەنجەیان داوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، بە بیانووی "خۆدانەپۆشین" لە یەکێک لە پارەکەکانی تاران هێرشیان کردووەتە سەر کچێکی لاو و بە توندی ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.
لەو گرتە ڤیدئۆیەدا، کە ئەو کچە بە ناوی "نەستەرەن" لە لایەن یەکێک لە هاوڕێیەکانییەوە بانگ دەکرا، بە سەختی ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت و چەند مەئموورێکی پیاویش بینەری ئەو دیمەن و ڕووداوە بوون.
بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدئۆوە ٢ خولەک و ١٧ چرکەییە، لە دونیای مەجازی و لە نێو کاربەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی داوەتەوە، بە جۆرێک تەنانەت ناڕەزایەتی هێندێک لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی لێ کەوتووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا، مەعسوومە ئیبتکار، ڕاوێژکاری حەسەن ڕۆحانی لە توێتری کەسیی خۆیدا، هێرشی مەئموورانی ژنی بۆ سەر ئەو کچە مەحکووم کردووە و نووسیویەتی: بازنەی کردوەکانی مەئموورێک تەنانەت لە ئەگەری بێڕێزی کردندا لە کوێدایە و بە توندی ئەم کردەیە مەحکووم و بەدواداچوونی بۆ دەکەم.
مەسیح عەلینژاد ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی ژنان، لە تویتری کەسیی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدئۆیە نووسیوویەتی: مەئموورانی گەشتی ئیرشاد، ئەو کچە لاوەیان بە سەختی ئازار داوە و هاوڕێیەکانی ئەو کچە داوا لە پولیس دەکەن کە نەستەرەن نەخۆشی دڵی هەیە، بەڵام ئەوان گوێیان پێ نادەن.
یەکێک لە کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو پەیوەندییەدا نووسیوویەتی: چۆن دەبێ بەردەوام باس لە کەرامەتی ژن بکەن و دار و دیوارەکانی شار پڕ بێت لەو دروشمانە، بەڵام بە لێدانی ئەو کچە بێدەنگی هەڵبژێریت.
ڕێکەوتی ١٧ ڕەشەمە عەلی خامنەیی ڕێبەری نیزام، بە ئاماژەکردن بە دیاردەی کچانی شەقام ڕایگەیاند: ئەرکی حکوومەتی ئیسلامییە لە بەرانبەر گوناح و حەرام ڕابوەستێت و هەروەها لە ئەگەری ئەو شتەی کە زەربە لە چۆنایەتی نیزام بدات، باسی مەئموورانی "آتش بە اختیار"ـی کرد.





