ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی ٤٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان کە لە ناڕەزیەتییە خەڵکییەکانی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئەمنیەتیی و ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون، ڕەوانەی دادگا کرا.

هەواڵدەریی"میزان" لە زاری دۆزگەری گشتی و ئینقلابی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەووەتەوە، سزانامەی ٤٣ هاووڵاتیی ناڕزای لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەو پاڕێزگایە، ڕەوانەی دادگا کراوە و ئەوان لە ژێر کاریگەریی فەزای مەجازی هاتوونەتە شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

محەممەد حوسێن سادقی لەو بارەیەوە دەڵێت: "بڕیاری کۆتایی و سزانامەی ٤٣ کەس کە هۆکاری ئاژانەوەنانەوە لە شەقامەکان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بوونە، بڕدراوەتەوە و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی دادگا کراوە".

ئەو بەرپرسە قەزاییە هەروەها ئاماژەی بە خەسارەتی ئەو ناڕەزایەتیه دەبڕینانه کردووە و ڕاگەیاندووە: "ڕووداوێکی تاڵ بوو کە خەسارەتگەلێکی لە سەر کۆمەڵگا بە جێ‌هێشت".

ناوبراوە هەروەها دەڵێت: "بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان لە بەستێنی وەدینەهاتنی داواکارییەکانی خەڵک لە بواری ئابووری بووە، بەڵام بە خێرایی بۆ لای بنەماشکێنی چوو، کە بە هەوڵی دەزگایی قەزایی هێزە و ئەمنییەتییەکان کونتڕۆڵ کرا".

ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانبار، کۆبوونەوە ناڕەزایەتی لە شاری کرماشان سەبارەت بە "گرانی و دۆخی نالەباری ژیان و گوزەران" بەڕێوەچوو و هاووڵاتییانی ناڕازیی لە گۆڕەپانی ئازادی و دەورووبەری شەقامی مودەڕس لە شاری کرماشان بە دروشمی"زیندانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێن" و " ملت گدایی می‌کند آقا خدایی می‌کند" گوتەوە و هەواڵدەرییەکانی حکوومەتی ژمارەی هاووڵاتییانی ناڕازیی شاری کرماشانیان بە ٣٠٠ کەس خەڵماند.