١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «جەمیلە (مینا) محەممەدئەمین ئازەر»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، جەمیلە محەممەدئەمین ئازەر لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆشناو عەزیزپوور ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە، و هاوسەرەکەی هەر ئەو ڕۆژە دوای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەدا، مۆبایلەکانیان زەوت کردوون و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیەوە هەتا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری بێبەش کراوە.





