۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ «ئاراس ئەحمەدبەیگی»، لاوی ۱۸ ساڵەی خەڵکی «سەراوڵە»ی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوای ۱۶ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنەکەیدا لە هەموو جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «ئاراس ئەحمەدبەیگی » کە بۆ ماوەی ۱۶ ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای ئیلامدا ڕاگیرابوو، ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تەمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

۲۸ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، «ئاراس ئەحمەدبەیگی » بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. هەتا ئێستا هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

ئەم لاوە ۱۸ ساڵەیە لە ماوەی ۱۶ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا لە هەموو جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری بێبەش کرابوو.