۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ «میلاد زەند»، لاوی ۱۹ ساڵەی خەڵکی ئاوایی «برایم ئاباد»ی میاندواو، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوەدا، ئەندامانی بنەماڵەکەی، لەوانە باوکی «کامیل زەند»یان، دایە بەر لێدان و سووکایەتیی بەرفراوان و دواتر «میلاد زەند»یان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرد.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی میاندواو بە توندوتیژییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی «میلاد زەند» لە ئاوایی «برایم ئاباد»ی سەر بە میاندواو و لەکاتێکدا بەتوندی ئەندامانی بنەماڵەکە، لەوانە باوکی «کامیل زەند»یان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی و بێڕێزیی بەرفراوانیان بەرانبەر بە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردووە، ئەم لاوەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری بێبەش کراوە.