۱۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی «سامان دێهناد»، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و دانیشتووی مەهاباد، و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لە هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا، بەیانیی ڕۆژی پنجشەممە ۱۴ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، «سامان دێهناد» بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە.

هەروەها، ئەو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ نزیکەکانی بێبەش کراوە.

شایەنی باسە کە «سامان دێهناد» پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ساڵی ۱۴۰۰دا بە وەرگرتنی ئەمەننامە گەڕابووەوە بۆ ئێران.