ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، سەعدی کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەی دانیشتووی گەڕەکی «کوشتارگا»ی بۆکانیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیەوە هەتا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاری بێبەش کراوە.