ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد لە شاری نەغەدە لە کاتی کار کردن بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٠٢ی گەلاوێژ، وەستایەکی کاشی کار لە شاری نەغەدە تووشی ڕووداوی کار بوو و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بوو.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغدە شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی "ئومید مینایی" ڕاگەیاندووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو وەستاکارە لە کاتی کار کردن لە بینایەکدا بە هۆی بەربوونەوە تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە.
ئەو سەڕچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئومید مینایی بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.
ئەو کرێکارە کوردە لەو ڕووداوەدا دەستی چەپی لە چوار شوێنەوە شکاوە و لە نەخۆشخانەی شاری ورمێ نەشتەرگەری بۆ کراوە.
هەروەها، ڕۆژی هەینی١٣ی گەلاوێژ، سێ کرێکاری کورد خەڵکی شاری نەغەدە لە کاتی چاک کردنەوەی لوولەی ئاو لە نێو چاڵێکی قووڵ بە هۆی گاز گرتوویەوە گیانیان لە دەست دا.
شوناسی ئەو سێ کرێکارە کوردە بە "مەسعوود تالبپوور"، "سەید جەلال عەزیزیان" و "سالار مورادپوور" ڕاگەیەندراوە.
کرێکارانی بیناسازی لە زۆربەی کرێکاران دیکە زیاتر تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ڕووداوی کار لە مانگەکانی هاوین ڕوو دەدات.
ڕەچاونەکردنی ڕێوشوێنەکانی ئیمێنی کار بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا لە کوردستان و ئێران قوربانی بەدوای خۆیدا هێناوە و تا ئیستاش بەدواداچوون بۆ بنبڕکردن یان کەم کردنەوەی ئەم حاڵەتانە نەکراوە.





