ئاژانسی کوردپا: ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بووە هۆی سووتانی ٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ، ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی "دۆی زردی" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی نزیکەی ٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی سووتان.
بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو ئاگر کەوتنەوەیە لەلایەن خەڵکانێک لە کاتی ڕاوەماسی کە هەوڵی ئاگرکردنەوەیان دابوو، هاتۆتە ئاراوە کە لە ئەنجامدا بەشێک لە دارستانەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی سووتان.
زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆکاری مرۆیی ڕوو دەدات.
ئەو ئاگرکەوتنەوە پاش چەند کاتژمێر، بە هەوڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ژینگەدۆستان کۆنتڕۆڵ کرا.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ، بە هۆی مانۆڕێکی سەربازی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، نزیکەی ٤٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆ سووتان و بوونە خۆڵەمێش.
شاری سەلاسی باوەجانی بە حەشیمەتی ٣٨هەزار کەسی لە ١٣٦ کیلۆمێتری ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.





