ئاژانسی كوردپا: لەدرێژەی رێز گرتن لەسروشت و ئەنجام دانی چالاكیی ژینگە دۆستی، ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی ناوچەی ورمێ‌دەستیان بەخاوێن كردنەوەی رێڕەوی ئاوی جۆگە و رووبارەكان كرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دانیشتوانی ئاوایی راژانی سەر بە ورمێ‌لە هەوڵێكی ژێنگە دۆستانەدا، رێڕەوی ئاوی ئەو گوندەیان خاوێن كردۆتەوە.

ئەو هاووڵاتییانە بەمەبەستی چوونی ئاو بۆ ناو رەز و باغەكان و ئاودێڕی زەمینی وەرزێری ئەو كارەیان كردووە و ئەو چالاكییەشیان بە شێوەی خۆرسك بووە.

چەند رۆژ لەمەوبەریش ژمارەیەك لە لاوان، چالاكانی ژینگەپارێزی و دانیشتوانی گوندی راژان زبڵ و پاشماوەی قەڕاغ رێگەی گوندەكەیان بەرەو شاری ورمێ كۆكردبۆوە.

ئەو هاووڵاتییانە بە كەڵك وەرگرتن لە تراكتۆری خۆیان چەندین تۆن زبڵیان لە قەڕاغ رێگەی راژان بۆ شاری ورمێ خر كربۆوە.

پرسی ژینگەپارێزی و ئەنجامدانی چالاكییە پێوەندیدارەكان بەو پرسەوە لەكوردستانی ئێران وەكوو كولتوورێكی كشتگیری لێهاتووە و خۆی لە واز هێنان لەڕاو، شكاندنی قەفەس، ئازاد كردنی باڵەندە، خاوێن كردنەوەی شوێنە گشتیەكاندا دەرخستووە.

ماوەیەك لەمەوبەریش دانیشتوانی ئاوایی راژان ژمارەیەكی بەرچاو نەمامیان بەمەبەستی دروست كردنی فەزای سەوز چاندبوو.