ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و ئەندامی هەر دوو گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز» بە ناوەکانی «مستەفا قادری»، «محەممەدساڵح حوسێنی»، «حوسێن عەبدوڵڵاهی» و «خالید ڕەحیمی» بە دانانی بارمتە ئازاد کران. سەرەڕای ئەوەش، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «محەممەد کەریمپوور» هێشتا بەردەوامە و ناوبراو هەروا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزدا ڕاگیراوە. ئەم کەسانە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە میانەی شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەدا لە شاری سەقز، زیاتر لە ٣٠ هێزی ئەمنی و چەکداری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، لە نێوان کاتژمێر ٥ بۆ ٦ی بەیانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ٧ هاووڵاتیی کورد و ئەندامی هەر دوو گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز» بە ناوەکانی «محەممەد حەکیمپوور»، «مستەفا قادری»، «محەممەدساڵح حوسێنی»، «حوسێن عەبدوڵڵاهی»، «خالید ڕەحیمی»، «عەبدوڵڵا ئەمینی» و «ڕەحیم حەقپەرست» و بە شێوەیەکی توندوتیژانە و لەگەڵ لێدان و کوتاندن، پاش هێرشی دەیان هێزی ئەمنیی چەکدار دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. «ڕەحیم حەقپەرست» پاش یەک ڕۆژ و «عەبدوڵڵا ئەمینی» پاش شەو و ڕۆژێک دەسبەسەری ئازاد کران و ٥ هاووڵاتییەکەی دیکە لە بێهەواڵیدا بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

سەرجەم دەسبەسەرکراوەکان لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دەسبەسەرکردنیاندا، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، ڕووبەڕووی بێڕێزی و لێدان و کوتاندن بوونەتەوە. 

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردانە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەوان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەشن.

گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ»؛

گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ» دوو ڕێکخراوی سەربەخۆی مەدەنی، وەرزشی و ژینگەپارێزین لە سەقز. ئەم گرووپانە جگە لە سەرکەوتنی دەوری بۆ سەر شاخ و بەرزاییەکانی کوردستان، لە بەرنامەکانی وەک خاوێنکردنەوەی سروشت، نەمام چاندن، پەرەپێدانی شاخەوانی و ڕێزلێنان لە پێشەنگەکان ڕۆڵی چالاکیان هەیە؛ لەوانە سەرکەوتنی هاوبەشی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥یان بۆ سەر لووتکەی شاخی «تاڵەسوار» لە ناوچەی خوڕخوڕە کە بە وتاری شاخەوانی پێشەنگ «پیرە هەڵۆ» بەڕێوەچوو.

سەرەڕای ئەوەش، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە بەهۆی سەربەخۆیی و چالاکییە مەدەنییەکانیانەوە چەندین جار ڕووبەڕووی گوشاری ئەمنی بوونەتەوە. لەوانە ئەندامانی گرووپی «هەڵۆ» وەک ئەسعەد سدیقی (پووشپەڕی ١٣٩٩) و سدیق یووسفپوور (بەفرانباری ١٤٠٤) پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پشکنینی ماڵەکانیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەیە.