٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ ئەو ڕاپۆرتانەی بە کوردپا گەیشتوون باس لە دەسبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «سینا دەرویشی»، مێرمنداڵی ١٥ ساڵان، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری» و «بێهنام مورادی» لە پاش ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لە ڕووداوی وەرگەڕانی کوشندەی ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایشدا دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند، کە ئەم پێنج هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخ و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە پاش گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنەوەی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومەتی، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە پشتگوێخستنی دۆخی ڕێگەوبانەکان، بێبەشکردنی پارێزگای ئیلام لە ژێرخانەکان و خراپیی بەڕێوەبردن دەربڕی. هاوکات بەشێکی زۆری بازاڕی ئاودانانیش وەک هاوسۆزی و پشتیوانییەک بۆ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییان مانیان گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە تێکچوونی توندی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کراونەتەوە.