ئاژانسی كوردپا: چالاكێكی فەرهەنگیی و مامۆستای قوتابخانەكانی شاری مەهاباد كە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵ لەمەوبەر رەوانەی زیندان كرابوو ئازاد كرا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەعقووب خزری نووسەری كورد كە بە ١ ساڵ و شەش مانگ زیندانیی تەعزیری مەحكووم كرابوو، رێكەوتی ٢٢ی بانەمەڕ لە زیندان رزگاری بوو.
یەعقووب خزری مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەگەڵ چەند كەس لە چالاكانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی كوردی خەڵكی شاری مەهاباد دەستبەسەر و پاش ٢ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی ئازاد كرابوو.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە، ساڵی پێشوو بە مەبەستی كار كردن رووی لە هەرێمی كوردستان كردبوو و پاش گەڕانەوەی هێزە ئیتلاعاتییەكان پاسپۆرتەكەیان لێ ئەستاندبوویەوە و چوونە دەرەوە لە ئێرانیشیان لێ قەدەغە كردبوو.
یەعقووب خزری مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٢ بەمەبەستی تێپەڕاندی حوكمەكەی رەوانەی زیندانیی ناوەندی شاری مەهاباد كرابوو.
خزری مامۆستای دواناوەندی، خوێندكاری كارناسی باڵا و لە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەهابادە.





