بەرموور: حەفتەی دووهەمی مانگی بانەمەڕ ١٣٩٣ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە خۆکوژی گوماناوی کچێکی گەنج لە بانە و خۆکوژی کچێکی دیکە لە ورمێ و هەروەها لێدانی ژنێک لەلایەن براکانیەوە لە سەردەشت و ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان کە دەستبەسەر کردن و بانگهێشتکردنی دوو مامۆستای زانکۆ بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

مەرگێکی گوماناوی و خۆکوژی کچێک، ئەمجارەیان لە بانە و ورمێ

لەماوەی حەفتەی رابردوودا کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لە شاری بانە بە هۆکاری ناڕوون گیانی لەدەست دا و کچێکی لاویش لە شاری ورمێ دەستی دایە خۆکوژی.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، کچێک بەناوی ئەنیسە زەمانی تەمەن ١٣ ساڵە و خەڵکی شاری بانە، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە تەمەن ١٣ ساڵەیە، کە لە ماڵی باوە پیارە (زڕباوک) بووە، کاتژمێر ٢ی نیوە شەوی رۆژی شەممە ٧ی بانەمەڕ گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لەشاری بانە و پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەرستار و ماماکانی نەخۆشخانە سەلاحەدینی ئەیووبی رایانگەیاندووە، ئەو کچە تەمەن ١٣ ساڵەیە بەهۆی دەستدرێژیی جنسییەوە گیانی لەدەست داوەو ئاسەوارەکەی بە جەستەیەوە دیار بووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا تۆمار کراون، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ١٠ کچ و ژنی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لەماوەی حەفتەی رابردوودا، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری رەبەت، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی کوژرانی درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیشتمان رەحمان‌زادە تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی شاری رەبەت، کە لەگەڵ کوڕە خۆشەویستەکەی خۆی رۆیشتبوو، لەلایەن براکانییەوە بە زەبری چەک بریندار کرا.

ئەو ژنە ٤ گولـلە بەر سک و رانی کەوتووە و دواتر براکانی دەست و مچەکی خوشکەکەیان چەقۆ ئاژن کردووە و بە توندی برینداریان کردووە.

نیشتمان رەحمان‌زادە پاش ٦ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری بانە، چۆتەوە ماڵی کوڕەکە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، کچێکیێ تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی "سەلیم بەگ" شاری ورمێ هەوڵی خۆکوژی داوە.

ناسنامەکەی ئەو کچە هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە، کە بەهۆی کێشەی دەروونی و خەمۆکی‌یەوە لە رێگەی خۆهەڵواسینووە هەوڵی خۆکوژی داوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئێــــــــران

دەستبەسەرکردنی نەسیم باقری و بانگهێشتکردنی پەروین زەندی بەمەبستگی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان

لەماوەی حەفتەی رابردوودا نەسیم باقری یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی مەجازی بەهاییەکان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر وپەروین زەندی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی دانیشتووی شاری تاران بەمەبستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بانگهێشتی زیندانی ئێڤین کرا.

نەسیم باقری یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی مەجازی بەهاییەکان

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕ، نەسیم باقری یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی ئانلاینی بەهاییانی ئێران، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و لەماڵەکەی خۆیدا لەشاری تاران دەستبەسەر کرا.

نەسیم باقری پێشتر و لە رێکەوتی ١٦ی رەزبەر بە تاوانی "هەوڵدان دژی تەناهی وڵات لە رێگەی ئەندامەتی لە BIHE (" ناوەندی زانستیی سەرهێڵ"ی بەهاییەکان ) بە دادوەریی قازی مۆقەیسە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری، مەحکووم کرا.

ناوبرو لە ١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، پەروین زەندی یەکێک لەچالاکانی فەرهەنگی شاری کەرەج، کە بەفرانباری ساڵی رابردوو بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بانگهێشتی زیندانی ئێڤین کرا.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران و بە دادوەری قازی سەڵەواتییەوە و بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" بەسەر پەروین زەندی سەپێندرابوو.

پەروین زەندی یەکێک لەمامۆستایانی زانکۆی وەرامین بوو، کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩١ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی ئارەش کەمانچە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرەجەوە دەستبەسەر و مانگی رێبەندانی هەمان ساڵ هەردووکیان بە دانانی ٢٠٠ میلیۆن تەمەن بارمتە ئازاد کرابوون.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٢ حاڵەت)