حەفتەی یەکەمی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٥ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە حاڵەتەکانی خۆکوژیی کچێکی لاو لە شاری سنە و دۆزرانەوەی تەرمی ژنێک لە بانە، دەستبەسەر کردنی دوو ژنی پەیڕەوی ئایینی یاری و لە سێدارە دانی ژنێک لە کرماشان و هەروەها ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە دەرکردنی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تعزیری بۆ دوو چالاکی بەهایی، کەمکردنەوەی حوکمی مریەم رەحمانی و دانی مەرەخەسی بە موتەهەرە بەهرامی لە ئێران لە خۆ دەگرێت.
بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٥ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە حاڵەتەکانی خۆکوژیی کچێکی لاو لە شاری سنە و دۆزرانەوەی تەرمی ژنێک لە بانە، دەستبەسەر کردنی دوو ژنی پەیڕەوی ئایینی یاری و لە سێدارە دانی ژنێک لە کرماشان و هەروەها ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە دەرکردنی حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تعزیری بۆ دوو چالاکی بەهایی، کەمکردنەوەی حوکمی مریەم رەحمانی و دانی مەرەخەسی بە موتەهەرە بەهرامی لە ئێران لە خۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
خۆکوژی کچێکی لاو لە شاری سنە و دۆزرانەوەی تەرمی ژنێک لە بانە

لە ماوەی حەوتووی رابردوودا کچێکی لاوی لەشاری سنە دەستی دایە خۆکوژی و لە ئاکام دا گیانی لە دەستدا و تەرمی ژنێکیش لەنزیک شاری بانە دۆزرایەوە.
دیاردەی خۆکوژی لە نێو ژنان و کچانی کورد رۆژ لەدوای رۆژ روو لەزیادبوەن دەکات و هاوکات نێونجی تەمەنی ئەو کەسانەی کە هەوڵی خۆ کوژی ئەدەن، بەرەو دابەزین دەچێت.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١١ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە، کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣٠ی رەزبەر کچە قوتابییەکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی "شەقایق محەممەدی" و کچی عەتا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
شەقایق محەممەدی کە قوتابیی پۆلی ١ی دواناوەندی بووە، ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گوندی "نەوەڕە"ی شاری سنەوە چوونەتە شاری سنە و لەوێ نیشتەجێ بوونە.
هەروەها، بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا ٦ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە و لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا ، تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی "سۆعدا ئەمینی" لە دەورووبەری شاری بانە دۆزرایەوە.
تەرمی ئەم ژنە لاوە کە دایکی ٢ منداڵیشە، رۆژی یەکشەممە ٢٨ی رەزبەر، لە ٥ کیلۆمێتری جاددەی بانە لە کاتێک دا دۆزرایەوە کە ئاسەواری خنکان بە ملیەوە ملی دیار بووە.
هەتا ئێستا دەرنەکوتووە کە هۆکاری مەرگی ئەم ژنە خۆکوژی بووە یان بە دەستی کەس یان کەسانێکی نەناسراو کوژراوە.
دەستبەسەرکردنی ٢ ژنی پێڕەوی ئایینی یاری لە تاران

لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێڕەوەوانی ئایینی یاری لە بەرانبەری مەجلیسی ئێران، ٢ ژن یارسانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیلسامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە،رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، دوابەدوای بانگەوازی چالاکانی یارسانی بۆ مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەر دەم مەجلیسی ئێران، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی یارسانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەشاری تاران دەستبەسەر کران.
دوو ژن لە نێو دەستبەسەر کراوەکان دا بوون و ناوی ئەو دوو ژنە حومەیرا تاهیری و بەهارە نەدیمی راگەیەندراوە کە سەر لە ئێوارەی هەمان رۆژ ئازاد کران.
ئەم کۆبوونەوە بە مەبەستی نارەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی دەزگا حکوومەتییەکان ئێران لەمەڕ داخوازی و ویستی هاووڵاتییانی یارسانی لە بەردەم مەجلیسی ئێراندا بەڕێوە چوو کە دەستبەسەر کرانی نزیک بە ١٠٠ چالاکی پەیڕەوی ئایینی یاری لێ کەوتەوە.
ژنێک لە کرماشان لە سێدارە درا

لە ماوەی حەفتەی رابردوو دا حوکمی ئێعدامی ژنێک لە گەڵ ٦ پیاو لە زیندانی دێزڵئابادی کرماشان جێبەجێ کرا.
نەستەرەن سەفەری رۆژی دووشەممە ٢٩ی رەزبەر، هاوڕێ لە گەڵ ٦ پیاوی دیکە لە زیندانی دێزڵئابادی کرماشان لە سێدارە دران.
ئەم ژنە تەمەن ٢٦ ساڵە بە تاوانی قەتڵ بە "قەساس(تۆڵە)" مەحکووم کرابوو کە سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە حوکمەکەی جێبەجێ کرا.
نەستەرەن سەفەری بۆ ماوەی ٧ ساڵ بوو کە لە زیندان دەستبەسەر کرابوو.
ئێــــــــــران
دەرکردنی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ٢ چالاکی بەهایی

لە ماوەی رۆژانی رابردودا حوکمی ١ ساڵ زیندانی تەعزیریی نەسیم ئەشرەفی لە دادگای پێداچوونەوە دا پشتڕاست کرایەوە و نەسیم باقری لە لایەن دادگاوە حوکمی ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری نەسیم ئەشرەفی هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران، لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.
ناوبراو لە ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی "تەبلیغ بە دژی نیزام" و "ئەندامەتی لە رێکخستنی ئایینی بەهاییەکان دا" بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
نەسیم ئەشرەفی لە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩١ی هەتاویدا دەستبەسەر و رێکەوتی ١١ی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تومانی ئازاد کرابوو.
لە لایەکی دیکەوە، نەسیم باقری، هاوڵاتیی بەهایی دانیشتووی تاران و یەکێک لە ئەندامانی پەیوەندیدار بە " ناوەندی زانستیی سەرهێڵ"ی بەهاییەکان بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
نەسیم باقری لە رێکەوتی ١٦ی رەزبەر بە تاوانی " هەوڵدان دژی تەناهی وڵات لە رێگەی ئەندامەتی لە BIHE بە دادوەریی قازی مۆقەیسە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری، مەحکووم کرا.
ناوبرو لە ١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوو.
کەمکردنەوەی حوکمی موحتەرەم رەحمانی و دانی مورەخەسی بەموتەهیرە بەهرامی

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا حوکمی سەرەتایی ١٠ مانگ زیندانیی تەعزیریی موحتەرەم رەحمانی لە دادگای پیداچوونەوەدا بۆ ٣٠٠ هەزار تمەن جەریمە کەم کرایەوە و موتەهیرە بەهرامکە لە زیندانی ئێڤین لە دەستبەسەریدا بوو، مەرەخەسی پێدرا.
بە پێی ئەو هەوالانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی سەرتایی دادگای شۆڕشی قەزوین بۆ موحتەرەم رەحمانی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی ئەو شارە، لە دادگای پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە و بە دانی ٣٠٠ هەزار تمەن جەریمە مەحکووم کرا.
موحتەرەم رەحمانی، لەلایەن دادگای شۆڕشی قەزوینەوە بە تاوانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە تاوانی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی چاوخشاندن بەسەر مێژووی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی قەزوینەوە دەستبەسەر کرابوون.
ئەم چالاکە فەرهەنگیی ئەو کات بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن ریاڵی لە زیندان ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە و لە ماوەی حەوتووی رابردوودا، موتەهیرە بەهرامی یەکێک لە زیندانیانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئێڤین مەرەخەسی پێدرا.
موتەهیرە بەهرامی حەقیقی، بە ٦٢ ساڵ تەمەنەوە، بە بەتەمەنترین زیندانیی ژنی زیندانی ئەڤین دەناسرێت.
ئەم چالاکە سیاسییە کە لەرۆژی ٦ی بەفرەنباری ٨٨دا دەستبەسەر کرابوو کە دواتر١٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج"ی بۆ برایەوە.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٤ حاڵەت )
ماڵپەڕی " جمعیت مبارزە با تبعیض تحصیلی "( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی "ملی مذهبی" ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی پەیام ( ١ حاڵەت )





