ئاژانسی کوردپا: گەندەڵی ماڵی لە لقێکی بانکی "ملت"ی پارێزگای کرماشان دەستبەسەرکرانی جێگری بەرپرسی ئەو بانکەی بەدواوە بوو.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: جێگری بەرپرسی بانکی"ملت"ی شاری جوانڕۆ بە ناوی (د.ش) بە هۆی گەندەڵی ماڵیی " ٢٠٠ میلیۆن تمەن" یەوە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای رایگەیاند: ئەم بەرپرسەی بانکی "ملت" چەند رۆژ پێش ئێستا لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی دیزل ئابادی شاری کرماشان گوازراوەتەوە و ئەگەری لە سەر کار لابرانی ئەم بەرپرسە لە ئارادایە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، گەندەڵییەکی ماڵی بە بڕی ٤٠٠ میلیۆن تمەن لەلایەن یەکێک لە فەرمانبەرانی ژنی ئیدارەی "پۆلیسی+١٠"ی ئەو شارەوە ئەنجام دراوە و دواتر خۆی شاردۆتەوە.
پێشتر و لە کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو ٦ کەس لە ئەندامنی شاری روانسەر بە هۆی دانی چەند پارچە زەوییەک بە کۆمەڵێک لە خزم و کەسی نزیکی خۆیان بە زیندان و قامچی حوکم درابوون.
لە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٠ بەرپرسانی بانکی"ئاریا" لە وڵاتی ئێران بە گەندەڵییەکی ٣هەزارمیلیارد تمەنی تاوانبار کران.





