٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «پەریا نەسیری»، قوتابیی خەڵکی نەغەدە، کە لە دوای هێرشی توندوتیژیی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر قوتابخانەکەی و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا لە پۆلی خوێندن دەسبەسەر کرابوو، دوای ۱۵ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵیان بێبەش بوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «پەریا نەسیری» دوای ۱۵ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە شوێنێکی نادیاردا، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
"پەریا نەسیری"، کچی ناسر، قوتابی ١٧ ساڵانی خەڵکی نەغەدە و قوتابی دواناوەندیی دەوڵەتی و کچانی پیشەیی «شەرەف»، هەڵکەوتوو لە شەقامی «شەهید موتەهەری ٢»، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیلاعاتی سپا بۆ سەر ئەم قوتابخانەیە دەسبەسەر کرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەم قوتابییەیان لە پۆلی خوێندن و بە شێوازێکی توندوتیژ، لەگەڵ دروستکردنی ترس و تۆقاندنی توند لە ژینگەی قوتابخانە و پۆلدا، دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
کوردپا ڕێکەوتی دەسبەسەرکردنی ناوبراوی ۲۰ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بڵاو کردبووەوە؛ بەڵام ئێستا بۆ کوردپا ڕوون بووەتەوە کە «پەریا نەسیری» ڕۆژی ۱۹ی ڕەزبەری ١٤٠٥دا دەسبەسەر کراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ناوبراو ۱۵ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەدا بووە و لە ڕۆژی شازدەمدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ئەم قوتابییە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی نزیکەکانی، لە مافی دەستڕگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بوو و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نەبوو. هەروەها دەرفەتی پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، هێرشی توندوتیژ و ترسێنەری هێزەکانی ئیلاعاتی سپا بۆ سەر قوتابخانەکان، جێگیرکردنی کەرەستەی سەربازی، دروستکردنی فەزای پادگانی و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی قوتابییان — لەوانەش حاڵەتی دوایی واتە «پەریا نەسیری»، قوتابی ١٧ ساڵانی خەڵکی نەغەدە — بە توندترین شێوە مەحکووم دەکات. کوردپا گۆڕینی ژینگەی فێرکاری بۆ بنکەی ئەمنیی و سەربازی لە مانگەکانی ڕابردوودا بە نموونەی ئاشکرای «پێشێلکاریی قورسی مافی منداڵان»، «سەندنەوەی ئارامیی ژینگەکانی فێرکاری»، «بێسەروشوێنکردنی کاتیی زۆرەملێ» و «ئشکەنجەی دەروونیی قوتابییان» دەزانێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵات لە مانگەکانی ڕابردوودا فەزای ئەمنی و سەربازی بەسەر قوتابخانەکاندا سەپاندووە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا هێز و کەرەستەی سەربازی لە ژینگەی فێرکاریدا جێگیر کردووە؛ ڕەوتێک کە نیشاندەری قووڵبوونەوەی سەرکوتکاریی ڕووت، پێشێلکاریی ئاشکرا و پشتگوێخستنی ڕههای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان لەوانە پەیماننامەی مافی منداڵ و بەیاننامەی قوتابخانە سەلامەتەکانە.





