ئیدریس محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە، بۆ جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵، ئیدریس محەممەدزادە دوای ئامادەبوون لە لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و ئینقلابی مەهاباد، دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی گوێزرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکان» سزای پێنج ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو و دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێش بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێداچوونەوە، سزاکەی وەک خۆی پشتڕاست کردبووەوە.
ئیدریس محەممەدزادە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳ دوای بانگکردنی تلفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا. ناوبراو دوای ٤٥ ڕۆژ لێکۆڵینەوە گوێزرایەوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد و سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.





