ئاژانسی كوردپا: سینەماكار و دەرهێنەرانی كورد لە ریزی سەركەوتوانی یەكەم خەڵاتی فێستیڤاڵی ناوچەیی كورتە فیلم و پووستێری "بانی ئێران" دان.
بەپێی هەواڵی بنکەی خەبەری کورتە فیلمی ئێران، بەشێك لە خەڵاتەكانی یەكەم خولی فێستیڤاڵی ناوچەیی كورتە فیلم و پووستێری بانی ئێران كەلە شاری كورد بەڕێوە چوو، بە دەرهێنەر و سینەماكارانی كورد بەخشرا.
لە رێوڕەسمی كۆتایی ئەو فێستیڤاڵەدا سینەماكار و دەرهێنەرانی كورد لە پارێزگای كوردستان ئەم خەڵاتانەیان مسۆگەر كرد:
ـ خەڵاتی باشترین دەنگ هەڵگری درا بە كورتە فیلمی "٤٤٤١ رۆژی ژیانم" لە دەرهێنانی نەزیر میرزایی.
ـ خەڵاتی یەكەم لێژنەی داوەران درا بە كورتە فیلمی "بۆر" لە دەرهێنانی "سۆران قانعیفەر".
ـ لە بەشی دیكیۆمێنتدا خەڵاتی تایبەتی لێژنەی داوەران درا بە كورتە فیلمی "هاوڕێ" لە دەرهێنانی ئەكبەر شەهبازی.
ـ خەلاتی باشترین دیکیۆمێنت درا بە کورتە فیلمی "میلۆدیی بەرد" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی.
یەكەم خولی فێستیڤاڵی كورتە فیلم و پووستێری بانی ئێران كەلە "شاری كورد" ناوەندی پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوە چوو، تێیدا لە كۆی 400 بەرهەمی نێردراوی پارێزگاكانی زاگرۆسنشین "كوردستان، كرماشان، لوڕستان، هەمەدان، ئیسفەهان، خووزستان، كهكیلوویە و بویرئەحمەد، فارس و چوارمەحاڵ و بەختیاری" 65 بەرهەم پیشان دران.




