ئاژانسی کوردپا: رێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەر ١٢٦ مامۆستای خوێندنگاکانی شاری سنە دادگایی دەکرێن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢٦ مامۆستای خوێندنگاکانی شاری سنە بە تاوانی بەشداری لە رێوڕەسمی ساڵڤەگەڕی ئیعدامی "فەرزاد کەمانگەر" و نەچوونە سەر پۆلەکانی قوتابخانە و مانیان گرت، رۆژی ٣٠ خەزەڵوەر دادگایی دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، دادگایی کردنی ئەو مامۆستایانە لەسەر سکاڵای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سنە ئەنجام دەدرێت.

پێشتریش لە رۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا ٩ کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای كوردستان لە شاری سنە بەناوەکانی "محەممەد سەدیق سادقی، پەیمان نەودینیان، پەرویز ناسێحی، عەلی قورەیشی، عیزەت نوسرەتی، كەماڵ فەكوورییان، رامین زەندنیا، بەهادین مەلەكی و مستەفا سەربازان" بانگهێشتی دادگا كرابوون.

رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی فەرزاد کەمانگەر مامۆستای کورد هاوڕێ لەگەڵ ٤ کەسی دیکە لە زیندانی "ئێوین"ی تاران لە سیدارە دران کە دواتر ناڕەزایەتی و مانگرتنی جەماوەری لێکەوتەوە.