ئەگەری هەیە نۆروێژ هاووڵاتییەکی کورد ڕادەستی ئێران بکاتەوە

12:27 - 15 گەلاوێژ 2720

ئەگەری هەیە چالاکێکی سیاسیی کورد کە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانە، لەلایەن وڵاتی نۆروێژەوە بۆ ئێران دیپۆرت بکرێتەوە.

"چیا قادری" ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە ماوەی ١٢ ساڵە وەکوو پەنابەری سیاسی ڕووی لە وڵاتی نۆروێژ کردووە و لە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە داوای پەنابەریی کردبوو و ئەو ئیدارەیە داواکارییەکەی ناوبراوی بۆ چەندەمین جار ڕەت کردبووەوە.

پاش ڕەتکردنەوەی داواکاریی پەنابەرییەکەی "چیا"، ناوبراو مەترسیی ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێرانی لەسەرە.

 لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆیی کەمپەینی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پێشگیری لە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی "چیا قادری" بە وڵاتی ئێران، لەژێر ناوی "نا بۆ دیپۆرتی چیا قادری  #No_to_deport_ChiyaQadri) پێک هێناوە.

چالاکانی مافی مرۆڤ بە وەڕێخستنی ئەو کەمپەینە دەڵێن: "پاش چەند جارێک ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەریی چیا قادری، دواجار پۆلیسی ئەو وڵاتە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە سیاسییەی داوە، هەتا ڕەوانەی ئێرانی بکاتەوە و هاوکات پێیان ڕاگەیاندووە کە هەتا ٢ حەوتوو مۆڵەتت هەیە تانە لە بڕیاری دادگای نۆروێژ بدەیت، ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە بە زۆری و بەبێ بوونی هیچ ناسنامەیەک دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە".

وەڕێخەرانی ئەو کەمپەینە، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، حیزب و ڕێکخراوەکانی چالاک لە بواری بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ و سەرجەم کوردانی تاراوگە بەتایبەتی دانیشتووانی وڵاتی نۆروێژ دەکات کە یارمەتیدەری بن و بە هەموویانەوە بتوانن گوشارێک دروست بکەن تا دادگای نۆروێژ لەو بڕیارەی خۆی پاشگەز ببێتەوە.