ئەهواز/ دەستبەسەر کرانی ژنە پاڵێوراوێکی عەرەب بەهۆی گوتاربێژی بەزمانی زگماکی

16:57 - 20 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێـزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ژنە پاڵێوراوێکی شۆرای یەکێک لە شارەکانی ئوستانی خوزستان بەهۆی ئاخاوتن بە زمانی زگماکی لە کاتی گوتاربێژیدا لە کۆڕێکی فەرهەنگی و شێعر خوێندنەوەدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان \"سنا سالمی\" ژنە پاڵێوراوی شۆرای شاری \"فەلاحیە\"ی سەربە ئوستانی خووزستان بەهۆی گوتاربێژی بە زمانی عەرەبی لە کۆڕێکی فەرهەنگی و شێعر خوێندنەوەدا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت \"سەنا سالمی\" شۆرای شاری \"فەلاحیە(شادگان)\" پاش نێوبژیوانیی چەند کەسایەتیی ناسراوی ئەو شارە لە ئیدارەی ئیتلاعات و هەروەها دوای چەند کاتژمێر و ئەستاندنی بەڵێنیی نووسراوە سەبارەت بە دووپات نەکردنەوەی گوتاربێژی بە زمانی زگماکی، بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

لەلایەکی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان، \"وەهاب غولامی\" یەکێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری روانسەر بەهۆیەکی ناڕوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

شایەتحاڵان رایانگەیاندووە، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ناوبراو هەموو پوستر و تراکتە تەبلیغییەکانی ناوبراو لە سەر دیوارەکانی شاری روانسەر هەڵکەندراوە.