ئەندامێکی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە کرماشان کوژرا

16:08 - 26 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی کرماشان، کوژرانی مەئموورێکی ئەم هێزەی ڕاگەیاند.

بە وتەی فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لە تێکەڵچوون لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی، کوژراوە.

شوناسی ئەم مەئموورە، "ئیرەج جەواهێری" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، بەهۆی گرانیی بێنزینەوە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی دژەشۆڕش و گاردی تایبەت، توندوتیژی ڕوویدا.

لەم خۆپیشاندانەدا، چەندین خۆپیشاندەر گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسیش بریندار بوون.

تا ئێستا بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێت و نەبوونی میدیایەکی ئازادەوە، ئاماری ورد و ڕاستی قوربانییانی ئەم خۆپیشاندانانە لەبەر دەستدا نییە.