ئەنجومەنی نۆژین بەبۆنەی سەپاندنی حوکمی دە ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدی" ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

18:25 - 26 پووشپەڕ 2720

ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بەبۆنەی سەپاندنی حوکمی ١٠ ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدی"، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

کوردستانییانی خۆڕاگر، هاونیشتمانییانی هێژا، کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان!

وەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردیدا هێرش کرایە سەر ماڵی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە شێوازێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی ئەخلاقی دەسبەسەر کران.

ئەم شەپۆلە گرتنەی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو و چەندین کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی گرتەوە.

خاتوو زارا موحەممەدی پاش شەش مانگ و نیو لە گرتووخانە بە شێوازی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیونی ئازاد کرا.

ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی ئاگادار کراینەوە کە حوکمی دە ساڵ زیندان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دادوەریی دادوەر "سەعیدی" بۆ خاتوو زارا بڕاوەتەوە و ئەنجومەنی نۆژین وەکوو بێتاوان ناسراوە.

ئەنجومەنی نۆژین هەر لە سەرەتای ئەم شەپۆلە گرتن و پێشێلکارییەوە ڕایگەیاندووە کە خاتوو زارا ئەندام و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین، بەشێک لەو گوتارە بەرفراوەنە نەتەوەیی و مافخوازانەی ئەنجومەنە و هیچ چەشنە جیاوازییەکی بیری و کردەوەیی نەبووە و نییە.

ئێمە ئەندامان و بەرپرسانی ئەنجومەنی نۆژین، پێدانی ئەم حوکمە بە خاتوو زارا و بێتاوانکردنی ئەنجومەن بە پیلانێک بۆ تێکدانی یەکڕێزی و کۆدەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین لە تەواوی کوردستان و هەروەها بە هەنگاوێک بۆ بێدەنگکردن و چاوترسێنکردنی چالاکانی کۆمەڵگا و سڕکردنی هەر چەشنە خۆڕاگری و بەرخودانێک دەزانین. بۆیە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم حوکمە ناڕەوایە ڕایدەگەیەنین کە هەموومان خۆمان بە پشتیوانی خاتوو زارا دەزانین و تا هەڵوەشانەوەی ئەم حوکمە لە چالاکی ڕاناوەستین.