ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی (سەقز و زێویە) کراونەوەی قوتابخانەکانیان بە مەترسی جیددی بۆ قوتابییان و مامۆستایان و خەڵک وەسف کردووە

12:20 - 16 خەرمانان 2720

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) بەیاننایەکەیان لە پێوەندی لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکان بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا، هاتووە، دەرکردنی بەخشنامە بۆ کرانەوەی قوتابخانەکان لەو بارودۆخەدا نیشان دەدات کە ئەو کەسانە لە وەزارەتخانە بڕیار دەدەن، کەسانێکی نائاگا و ناشارەزان بە کێشەی پەروەردە و بارهێنان، بێ ئەزموونن و توانای شرۆڤەی دۆخی کۆمەڵگایان نییە و بە پەلە و نائاگایانە وەها بڕیارێکیان داوە، کە زەڕبەیەکی قورس لە پەیکەری پەروەردە و بارهێنان دەدات؛ دور لە عەقڵ و لۆژیکە کە ئێوە بۆ میلیۆنەها بەردەنگی خۆیان چووکەترین ماف و ڕێز دانانێن و بەو بڕیارانەتان ژیانی خەڵکتان تێکداوە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "لە حاڵێکدا بە پێشوازیی کرانەوەی قوتابخانەکان دەچین کە هێشتا بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان، نەگەیشتوونەتە بڕیاریکی کۆتایی و ماوە ماوە بابەتەگەلێکی دژ بەیەک باس دەکەن کە پەشۆکاوی و بێ بەرنامەیی ئێوە نیشان دەدات".

بەرپرسان بۆ کرانەوەی قوتابخانەکان سێ دۆخی (سپی، زەرد و سوور)یان لە بەرچاو گرتووە کە ئەوان بۆ خۆیان هیچ دەرک و تێگەیشتنێکیان لەو دۆخە سێ لایەنە کە ئاماژەیان پێکردووە نییە. ئامارێکتان نییە باس لەو دۆخە بکات کە ئێوە باسی دەکەن. هیچ ڕێوشوێنی شیاوتان لە بەرچاو نەگرتووە، کەرەستەی شیاوی تەندروستی و دڵنیایی لە قوتابخانەکان دابین نەکراوە و تەنانەت قوتابخانە بودجەی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین کەرەستەی تەندروستیش نییە.

لەو بەیانییەدا هاتووە بەڕیز وەزیر؛ کرانەوەی قوتابخانە بە بێ دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی تەندروستی و فەزایەکی شیاوی تەندروستی، ئامادەکردنی بەستێنێکی گیان لەدەستدانە بۆ قوتابییان و مامۆستایانە و بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە بۆ بەرپرسانی وەزارەتخانە دەگەڕێتەوە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە) کرانەوەی قوتابخانەکان لەو بارودۆخەدا بە شیاو نازانێ و بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر قوتابییان و مامۆستایان و خەڵک دەزانێت هەروەها بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنان ئاگادار دەکاتەوە کە دەست لە عینادی و بێ بەرنامەیی هەڵگرن و بڕیارێکی عاقڵانە کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەخۆوە بگرێت لە بەرچاو بگرن و هەر جۆرە خەسارێکی گیانی و ماڵی بۆ قوتابییان، بنەماڵەکانیان و مامۆستایان، دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و ئێوە دەبێت وڵامدەری پێکهێنانی ئەو بارودۆخە بن.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە لە بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا دایە.