ئەماکن دەستی بە سەر کارتی هونەرمەندانی کامیارانی بۆ نەورۆز داگرت

15:15 - 22 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران، دەستی بەسەر کارتی هونەرمەندانی گۆڕانیبێژی ئەو شارە، هەتا کۆتایی نەورۆز داگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران، لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفوونییەوە لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارە، داوای لێکردوون کە کارتی هونەرمەندیی خۆیان بەو ناوەندە حکوومەتییە بدەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هەوڵەی ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران بۆ پێشگرتن لە بەشداریکردنی هونەرمەندانی ئەو شارە، لە ڕێوەڕەسمی نەورۆز دایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئیدارەی ئەماکنی شاری کامیاران بە هونەرمەندانی ڕاگەیاندووە کە کارەتەکەی خۆیان هەتا کۆتایی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕادەستی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکەن و لەم ماوەیەدا، بۆیان نییە، بەشداری لە ڕێورەسمی نەورۆز بکەن.\"

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی دووپات کردەوە، ئیدارەی ئەماکن بە هونەرمەندانی کامیارانی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، بەپێی لەگەڵ یاسا لەگەڵ ئەوان هەڵسووکەوت دەکەین.

لەو پەیوەندییەدا، شۆرای گوندی \"پاڵنگان\" لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی پاڵنگانیان هەڵوەشاندەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆز لە کوردستاندا کەمپەینێکی لەژێر ناوی \"نەورۆز، سەمای ئازادی\" وەڕێخستووە کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لە دژکردەوە بەو کەمپەینە، خەریکی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدان دەستیان به دەسبەسەر کردنی چالاکانی کورد کردووە.