ئەفشار فەتحی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا

14:14 - 21 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوە، ئەفشار فەتحی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە، بە شێوەی مەرجدار، لە زیندان ئازاد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی خاکەلێوە، ئەفشار فەتحی پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی، گەڕایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ٩٩ هاتبووەوە مەرەخەسی.

ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨ ئەو لاوە کوردە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەفشار فەتحی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسێندرا و حوکمی ١ ساڵ زیندانییەکەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" پشتڕاست کرابووەوە.

ئەو لاوە نێوەڕاساتەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.