ئەزیەت کردنی کاسبکارانی ناوچەی جوانڕۆ، تێکهەڵچوونی لێکەوتەوە

15:34 - 8 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی زەوت کردنی شتومەک و ماشێنی کاسبکارانی ناوچەی جوانڕۆ بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و ئەو هێزانەدا هاتە ئاراوەو لە ئەنجامدا مەئموورێکی هێزی ئینتزامی بریندار بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی پووشپەڕ بەهۆی زەوت کرانی شتومەک و ماشێنی کاسبکاران بەدەستی مەئموورانی هەنگی مەرزیی \"شێخ سەڵە\"ی ناوچەی \"جوانڕۆ\"، گرژی لەنێوان خەڵک و هێزەکانی جێگیر لەو پاسگایەدا هاتۆتە ئاراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی، لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا و تەقەی حەوایی ئەو هێـزانەدا، فەرماندەری پاسگای \"شێخ سەڵە\" بەناوی \"خەنجەری\" بریندار بووە.

دەگوترێت هێزەکانی ئینتزامی پاسگای \"شخ سەڵە\"، بەبیانووی ئەوە کە \"ئوستاندار\"ی کرماشان رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ سەردانی ئەو ناوچەیە دەکات، نزیکبوونەوە و هاتووچۆ کردنیان لە سنوورەکان قەدەغە راگەیاندووە.

هەروەها پێشتریش هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری نەوسوود هێرشیان کردبوویە سەر بازارچەی سنووریی ئەو شارە و دەستیان بە ئازار و ئەزیەت کردنی کاسبکاران و کۆڵبەران کردبوو، کە لە ئەنجامدا گرژی و تێکهەڵچوون هاتبووە ئاراوە و دواتریش لە دژکردەوەیەکدا بە دژی کۆڵبەران و کاسبکاران، ئەو بازاڕچە سنوورییەیان داخستبوو.