"ئێعادەی دادڕەسیـ"ـی حەیدەر قوربانی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە

13:07 - 22 خەرمانان 2720

دیوانی باڵای وڵات "ئێعادەی دادڕەسیـ"ـی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی ڕەت کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنییەتییەکان "ئێعادەی دادڕەسیـ"ـی ئەم زیندانییە سیاسییەی ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، تەئیدی حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم ڕاگەیەندرا.

پاش تەئیدکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی سنەی کرد.

بڕیاری دیوانی باڵای وڵات بە سێ هۆکار پێچەوانەی یاسای سزای ئیسلامیی ئێران و هەروەها حوکمی فێقهە.

١ـ بەپێی یاسای سزای ئیسلامی و حوکمەکان  کەسێک بە "باغی" دەناسرێت کە چەکدار بووبێت و بە  دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەک کەڵکی وەرگرتبێت کە حەیدەر قوربانی لە هیچ کام لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا، ئیدعای چەکداربوون و کەڵکوەرگرتن لە چەکی قەبووڵ نەکردووە.

٢ـ ناوبراو تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە و تەنیا دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ هەندێک کەس کە پێشمەرگەی ئەو حیزبە بوون بەشداریی لە کوشتندا کردووە و بەو پێیە بە ٩٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە (سێ جار بەشداری لە کوشتن).

٣ـ سێیەمین هۆی دژە یاسابوونی بڕیاری دیوانی باڵای وڵات و دادگای سەرەتایی ئەوەیە کە حوکمێک کە لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی کوردستانەوە بەنیسبەت بەشداری لە کوشتن دراوە لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵاتەوە تووشی پێشێلکردنی لێکۆڵینەوەکان بووە و چون ئەو بڕیارە بەپێی بڕینەوەی سزا لەهەمبەر "بغی" بووە  هەتا کاتێک ئەو حوکمەی دادگای کەیفەری ڕەت نەکرێتەوە و حوکمی یەکجاری دەرنەکرێت، دیوان ناتوانێت حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "بغی" دیاری بکات، چونکە ئەو حوکمە بەپێی یاساکانی ئێران سەبارەت بە مافی خەڵکە و هەتا کاتێک مافی خەڵک جێبەجێ نەکرێت، حوکمی "بغی" سەبارەت بە مافی خودا (حق اللە) نابێ جێبەجێ بکرێت، بەو پێیە لە دیوانی باڵای وڵاتدا داوای دادڕەسی بۆ لابردنی حوکمی داسەپاو و داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریبی دادگای ئینقلابی سنەدا کراوە.

 ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"حەیدەر قوربانی"، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ١٤ی ڕەزبەری ٩٨دا بە تۆمەتی "لێدانی فیزیکی و بریندارکردن بە چەک، بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست، هەوڵدان و یارمەتی بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و موحاکمە و سزادان، هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەست، دەستپێکی کوشتنی بەئەنقەست، جێگۆڕکێ بە ژمارەی پلاکی ماشین، دەستپێکی دزینی مرۆڤ و وەرگرتنی ماڵی دزراو" لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە موحاکمە کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سێ زیندانیی تەعزیزی، هەر کامەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆ سێ تاوانی هاوبەشی لە کوشتنی بەئەنقەست و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی" مەحکووم کرابوو.

هەروەها لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهۆی دەسبەسەرداگرتن بە سەر دوو ماشینی پژۆ ٤٠٥دا، بە دوو حوکمی شەلاقی تەعزیری هەر کام بە ڕێژەی ١٠٠ لێدان، بە تاوانی دانانی پلاکی ماشین بە دوو زیندانیی تەعزیری هەرکام بۆ ماوەی ١٥ مانگ ، بە تاوانی دەستپێکی دزینی مرۆڤ بە سزای ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، بەهۆی سێ تاوانی هەوڵدان و هاوکاری بۆ هەڵاتنی تاوانباران بە ٣ سزای زیندانی هەرکام بە ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کردبوو.

"حەیدەر قوربانی" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "بغی، هەڵگرتنی چەک دژ بە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی" موحاکمە کراوە و ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٨، بە فەرمی حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی سنە پێ ڕاگەیەندراوە.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای کامیاران، پۆلیسی ئاگاهی و ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە ئەنجام دراوە.