ئێران/ لەسێدارە درانی ١٠٨ کەس لە مانگی رێبەنداندا

19:44 - 3 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، ١٠٨ هاووڵاتیی ئێرانی لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدرانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە سەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا کۆتایی ئەو مانگە، ١٠٨ هاووڵاتی لە ئیڕان لە سێدارە دراون، کەلە کۆی ئەو رێژەیە حوکمی لەسێدارەدرانی ٨ کەسیان لەبەرچاوی خەڵک بەڕێوە چووە.

بەپشت بەستن بەو ئامارە، ٥٠ کەس لەو لەسێدارە دراوانە، بە تۆمەتی بازرگانی‌کردن بە ماددەی هۆشبەر و ٢٤ کەسیاشیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لەسێدارە دراون.

هەروەها لە کۆی ئەو ١٠٨ کەسە، ١٥ کەسیان، کە لە زیندانی چابەهار لەسێدارە دراون، هاووڵاتیی بەلووچ بوون و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیش ئەو کەسانەی بە ئەنجامدانی تەقینەوە تۆمەتبار کردبوو.

بەپێی ئەو ئامارە و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٠ کەسیان هاووڵاتیی کورد، کە ٦ کەسیان ئەندامی باندی هیواتاب بوون، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کرابوون، کە لە مانگی رێبەنداندا لەسێدارە دراون.
\"18455.jpg\"

\"18456.jpg\"