ئێران گروپێکی شێوە نیزامی بۆ پاش رووخانی حکوومەتی سووریەی دامەزراند

13:47 - 24 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی حیزبوڵڵای لوبنان گروپێکی شێوە نیزامیی بۆ پاش رووخانی حکوومەتی سووریە لەو وڵاتە دامەزراند.

رۆژنامەی \"واشنگتۆن پۆست\"ی ئامریکا لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا لە زاری دیپلۆماتێکی ئامریکاییەوە بڵاوی کردەوە، کە حکوومتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی حیزبوڵڵلای لوبنان، گروپێکی شێوە نیزامییان بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییەکانی \"بەشار ئەسەد\" بۆ پاش رووخانی حکوومەتی ئێستای سووریە دامەزراندووە.

ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە ئامانجی یەکەمی ئەو گرووپە، پاراستنی بەشار ئەسەد و شەڕ بەدژی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت لەنێو شارەکان دایە.

لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە کارناسانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن ئامانجی درێژخایەنی ئەو گرووپە، مانەوە لە وڵاتی سووریەدا، تەنانەت پاش رووخانی حکوومەتی ئەو وڵاتە و پاشەکشە کردنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دەبێت.

بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، لێپرسراوێکی دەوڵەتی ئۆباما رایگەیاندووە، \"دامەزرانی ئەو گرووپە لە بەرژەوەندی حکوومەتی ئێران دایە، بەتایبەتی گروپێک بێت کە بتوانێ متمانەی پێ بکات\".

دامەزرانی ئەو گرووپە لە کاتێک دایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریەوە هەتا ئێستا بەردەوام دەستێوەردانی خۆی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا رەت کردۆتەوە.